top of page

"شەوانی ئادەم": چاپخانەی ئەندێشە، ٢٠١٥

کۆشکێک دەبێتە مەڵبەندی کۆمەڵێک خەڵک کە ڕوویتێکەن. کۆمەڵێ پیاو وەک ڕەبەن لەوێ دەژین. ژیانی هەر یەکەیان بۆخۆی چیرۆکێکە. خاوەنی ئەو کۆشکە، پیاوێکە بەناوی ئادەم، شەوانی تەنیایی و نەهامەتی لە ئیشقێک، بە باسی ژیانی ئەو کەسانەی بە کۆشکدا تێدەپەڕن بەسەر دەبات. ڕابردوویەکی کێش قورسی لە دوای خۆی جێهێشتوە، لە جێیەکدا کە وایزانی دونیای لە پشت خۆیەوە بەجێهێشتوە، لە خانویەک کە بە تەنیا دەژیا کاتێ شەش ژن، دوو خوشک و چوار کچەکانیان دەگەنە ئەوێ، بە ڕێکەوت بەر ئەنفال نەکەوتون. سەکینە دایکی دوو کچیان، کە تەمەنی نزیکە لە ئادەم (هێشتا لەوێ ناوی ئادەم نیە، ناوی وەستایە) دەکەوێتە ئیشقی ئەو ژنە، لەبەردەم دۆزی کچەکانی و ئەو بارو دۆخەی تێیدان، وەستا سەرخۆی هەڵدەگرێ بۆ جێیەکی دی، ئەو خانوەش بۆ ئەو ژنانە بەجێ دەهێڵێ. ئیدی ژیان لە کۆشک بە ئاڵۆزی، ژیان لەلای ئەم ژنانە بە تەنیا و لە شارەوە ڕێیان گەیشتە ئەوێ ساڵانێک دەخایەنێ و تێ دەپەڕێ، خەڵک دێ و خەڵک دەڕوات بە هەردوو بەری کۆشک و ئەو ماڵی ژنانە و تێکەڵ بە چیرۆکی کەسەکان و ژیانی سەختی ئەو ژنانە و بە تایبەتی ئەو کچە گەنجانەی ڕۆژێک لە ڕێ بوون بۆ ئەوەی بچن دەزگیرانەکانیان لە گوندێک ببین کە ئەنفالی بەسەرا هات و ئەمان لەسەر ڕێی ڕۆیشتنیان کەسێک ئاگاداری کردنەوە و نەچوون، و تە ترسا ڕەوتیان بەرەو کێوەکان گۆڕی و تا گەیشتنە ماڵی وەستا. دوو کەسایەتی تری سەرەکی تێدایە کوڕ و کچێکی گەنج کە هەردووکیان بە دیدار یەکە دەگەن لە ماڵی کچەکە کاتێ ئەو کوڕە لە شەڕی ناوخۆیی هەڵدێت و سەرخۆی هەڵدەگرێ و دەگاتە ئەو گوندە و لەماڵی باوکی ئەو کچە دەمێنێتەوە. ئەو خۆشەویستیە کە لەوێ دروست دەبێ، هەر لەوێش کوڕەکە لە ترس و لە ئالۆزیی کەسایەتی خۆی ماڵەکە بەجێ دەهێڵێ تا دەگاتە ئەو کۆشکە، چیرۆکی ئەمیش تێکەڵ بە هی ئادەم دەبێ و وەک دوو کەسی ئالۆز گفتوگۆی ئاڵۆز و پڕ تەم لە نێوانیان دروست دەبێ و هەر یەکەیان نهێنی ئەویتری بۆ ئاشکرا دەبێ.

شەوانی ئادەەم.jpg
bottom of page