top of page

به‌سه‌رهاته‌كانی خه‌زنه‌ مه‌ملووك.‌ ڕۆمان بە زمانی کوردی، لە دەزگای یاد له‌ ساڵی 2012 دا چاپكراوه‌.

   له‌م رۆمانه‌ كار له‌سه‌ر روداوێكی كۆنی مێژوویی كراوه‌، ئه‌ویش بازرگانیكردنه‌ به‌ مرۆڤه‌وه‌ . بازرگانانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ سه‌ره‌ڕای كڕین و فرۆشتنی كاڵای هه‌مه‌چه‌شن، مامه‌ڵه‌یان به‌كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤێكه‌وه‌ كردووه‌ به‌ناوی كۆیله‌و مه‌ملووك و جاریه‌ ...هتد. ڕۆمانەکە جگە لە ژیانی خزنە و دەوروبەری، وێنەیەکە بۆ هەموو شتێکی ئەو سەردەمە. داب و نەریت، دۆخی ژنان، کلاسی دەوڵەمەندەکان و جاریە و غولام و کۆێلە.

پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ كۆیله‌یه‌كە به‌ناوی خه‌زنه‌ مه‌ملووك كه‌ ناوی راسته‌قینه‌ی هه‌زینه‌یه،‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ودا چه‌ند پاڵه‌وانێكی دیكه‌ هه‌ن كه‌ رۆڵی دیار و به‌رچاویان له‌ زنجیره‌ی روداوه‌كاندا هه‌یه‌. له‌وانه‌ دوا كڕیاری خه‌زنه‌ كه‌ بازرگانێكه‌ به‌ناوی (عومه‌رالنه‌زیر) و هاوسه‌ری ئه‌و بازرگانه‌ به‌ناوی (ست مه‌عارف) و (شێخ مه‌رجیع) كه‌ زانا و نوسه‌رێكی ئه‌وسه‌رده‌مه‌یه و سرالورد شاعیرێکە‌. سەرجەمی ڕۆمانەکە لەسەر زاری خەزنە دەگێڕدرێتەوە. کوڕێکی زۆر جوانە و خوێنەوارە. ئەمەش لەو سەردەمە دەگمەنە. باسی خۆی دەکات پاش ئەوەی پارە کۆ دەکاتە بۆ فێربوونی خوێنەواریی، کە چاک فێر دەبێ لە دیوانی قازی گەورەی سوڵتان بە کاتب دادەمەزرێ. پاشان بە هۆی هەڵەی هاوڕێیەکی لە تورکستان فڕۆشرا و بە کۆیلەیی هێنایان بۆ بەغدا. لەبەر ئەوەی هەمیشە وا هەست دەکات کە خوینەوارییەکەی بووە ماییەی نەهامەتی، ئیتر لە هەموو شوێنێک ئینکاریی لێ دەکات، تا وردە وردە بە هۆی باشیی خانمەکەی بۆی دەدرکێنێ کە خوێنەوارە، ئەویش داوای لێ دەکات فێری خوێنەواریی بکات. ئەم فێرکردنەش بە قورس دەکەوێتە سەری کە مێردەکەی، واتە خاوەنەکەی خەزنە پێی دەزانێ. دەرئەنجام خاوەنەکەی بۆ ئەوەی ئەوەندەی تر زەلیلی بکات داوای لێدەکات کتێبێکی بۆ بنووسێ. بەلام خەزنە لە کۆتاییدا کتێبێکی دەداتە دەست کە تەنها ڕستەیەکی خراپی تێدا نووسراوە. پاش ئەوەی هەوڵ دەدات ئەوەندەی تر خزنە زەلیل بکات و بگرە تەعداشی لێ بکات بەڵام هۆی کەوتنە ناو بیرێک کە لەسەرەتای ڕۆمانەکە لێ دەدرا تا کۆتاییەکەی دێتە سەر ئاو، خاوەنەکەی قاچێ دەخلیسکێ و دەکەوێتە ناوی و دەمرێ. خانم سندوقێ پارەی پێ دەدات و ئازادی دەکات، بەڵام ژیانی کۆیلایەتی وای لە خەزنە کردوە بێ دەسەڵات بێت و نەزانێ کام بڕیار باشە، جگە لەوەی هەمیشە بە گومانە کە جارێکی دی بیگرنەوە و بیکەن بە کوێلە، ئەم ترس و ترۆمایە وای لێدەکات بڕیار بدات خۆشی ببێتەوە بە بازرگان و تەنها بازرگانیی خوێنەوارەکان بێت.

تێبینی: ئەم ڕۆمانە خاتوونێکی کوردی ڕۆژهەڵات لە وەرگێڕانێتی بۆ زمانی فارسی.

Xazna Mamlouk.jpg
bottom of page