ئارام سدیق لەنێو ئەدەبیاتی جیهانیدا، بەتایبەتیش ئەدەبیاتی دێریندا، کۆمەڵێک دەق هەن کە بنچینەیین، بە جۆرێک، کە سەرچاوە و ئیلهامبەخشی دەیان و سەدان دەقی دیکەی پاش خۆیانن. ئەمە دەقانە بە "دەقی دایکانە" ناودەبرێت (بێگومان ئەگەر ئەم ناونانە دروست بێت). پەرجووی ئەم دەقانە لەوەدایە کە هێندە قووڵ و فرەڕەهەند و گەردوونین، کە بەردەوام ئەگەری ئەوەیان تێدایە دەقی دیکەیان لێ بخولقێنرێتەوە. دەتوانین لە نموونەی ئەم دەقانەدا ئاماژە بە ئیلیادە و ئۆدێسەی هۆمیرۆس بدەین کە خۆشبەختانە مامۆستا حەمە کەریم عارف کردوویەتی بە کوردی، کە گرنگی ئەم دەقە بە جۆرێکە لەنێو ئەو ملیۆنان تێکستەی پاش خۆی نووسراوە تا هەنووکەش نەمریی خۆی هێشتۆتەوە. دەقێکی دیکەی گرنگ، کۆمیدیای دانتێ (یان ئەوەی بە کۆمیدیای یەزدانی نێوبانگی ڕۆشتووە) ئەم دەقەش گرنگییەکەی لە دوو دەقەکەی هۆمیرۆس کەمتر نییە و ئەمیش هەوێنی نووسینی دەیان دەقی دیکەیە، ڕەنگە نموونەیەکی دیار و نوێ، کە دەرفەت هەبێت لێرەدا باسی بکەم رۆمانی "دۆزەخ"ی دان بڕاونە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر و بە کاریگەری بەشی دۆزەخی کتێبی "کۆمیدیا" نووسوویەتی و ئەم کاریگەرییەش بە ڕوونی بە دەقەکەوە دەبینرێت. شاکاری کۆمیدیاش لەلایەن مامۆستا عەزیز گەردییەوە کراوە بە کوردی. یەکێکی دیکە لەو دەقانەى کە وەکو دەقی بنچینەیی دەبینرێت و کاریگەرییان لەسەر ئەدەب و کولتووری بەشی هەرە زۆری مێژووی مرۆڤایەتی هەبووە، دەقی "میتامۆرفۆس"ی ئۆڤیدە. ئەم دەقە، کە تێکستێکی ئەفسانەییە، بەڵام گێڕەرەوەی ئەو واقیعەیە کە مرۆڤ چۆن لە کۆندا و خوداوەندەکانی بۆ تەسەللای دڵی دەخولقاند و دواتر هەر خودی خۆی دەبوویەوە بە کۆیلەی ئەو خوداوەندانە کە خولقێنراوی خۆی بوون. میتامۆرفۆرس گۆڕانی مرۆڤە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە. ڕەنگە هەر کاریگەریی ئەم تێکستەش بێت کە نووسەری چیکی فرانتز کافکا رۆمانی مەسخ بنووسێت و باس لە گۆڕانی گریگۆری سامسا بکات لە مرۆڤەوە بۆ قالۆنچەیەکی زەبەلاح. میتامۆرفۆس بە هەوڵ و ماندووبوونی دوو ساڵی خاتوو بەیان سەلمان لە فەڕەنسییەوە کراوە بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە چاپ و بڵاوی کردوەتەوە. سەبارەت بە پرسیاری بۆچی ئەم دەقەی هەڵبژارد؟ خاتوو بەیان لە پێشەکی کتێبەکەدا دەنووسێت: "سەرەتا لەبەر گرنگییەکەی لە ئەدەبی جیهانیدا. ئەم دەقە بەوەی ڕێکخستنەوەی کۆمەڵە گۆڕانکارییەکانی دونیای ئەفسانەیە، بایەخی ئەدەبی خۆی هەیە بە مانەوەی وەک سەرچاوەی ئیلهامی زۆرینەی بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییەکانی دونیا. ئەفسانەی ڕۆمان و گریکییەکان هەتا ئەمڕۆش جێی خۆیان لە خەیاڵی نووسەران و هونەرمەنداندا هەر ماوە. سەدان دەق و بەرهەمی هونەری و فیلم شایەدی ئەم لایەنەن. سینەمای ئەمەریکی و فەرەنسی بۆ سەدان سیناریۆ کەڵکیان لە نموونەی ئەفسانەی ئەو دەقە گەورەیە وەرگرتووە." گەورەیی ئەم دەقە لە نووسینێکی لەم چەشنەدا ناخرێتەڕوو، بەڵام ئامانجی ئەم نووسینە ئەوەیە کە بڵێت، ئەگەر خوێنەریت و دەتەوێت دەقێکی نەمر بخوێنیتەوە، کە کاریگەریی لەسەر بەشێک لە کولتوور و رۆشنبیریی و ئەدەبیاتی جیهانی هەیە ئەوا ئەم دەقە بخوێنەرەوە. میتامۆرفۆس، خاڵی پەڕینەوەی خوێنەرە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە، چونکە تێگەیشتن لە دەقەکان و ڕیشەی خولقاندنیان بۆ خوێنەر کەشف دەبێت. دەستخۆشی بۆ خاتوو بەیان سەلمان و وەرگێڕانی ئەم دەقە گرنگە، کە دوو ساڵ تەمەنی خۆی لەگەڵیدا تواندەوە. ئەم هەوڵە جێگەی دەستخۆشیی و پێزانینە، کە بە رۆحێکی لە خۆبردوانەوە ڕووبەڕووی وەرگێڕانی دەقێکی لەم چەشنە بوەتەوە و سەختییەکانی نەبوونەتە هۆی وەستاندن و وازلێهێنانی، تەنها بۆ ئەوەی بگاتە نێو کتێبخانەی کوردی و بەر دیدەی خوێنەری کورد.