top of page
  • Bayan Salman

شەقامی دوکانە تاریکەکان


شەقامی دوکانە تاریکەکان، ڕۆمان، نووسینی پاتریک مۆدیانۆ، دەزگای چاپی ئەندێشە، وەرگێڕانی لە فەرسنییەوە، ساڵی ٢٠١٦.

شتێک لە بارەی ڕۆمانی ''شەقامی دوکانە تاریکەکان'': چی هانی کەسێک دەدا بە ناوی گی ڕۆلان، کە کارمەندێكی لێکۆڵەرەوەی پۆلیسی تایبەتییە بچێت و ژیانی کەسێکی نەناسراو بپشکنێ بەدوای زانیاریی؟ ئەم پیاوە کە لە سەردەمێکدا هیچی لە بیر نەماوە، هەوڵێکی بێوەچان دەدات بە دوای ناسنامەیەکی خۆی، لە ڕێی چەند وێنەیەکی کۆن، بە گەڕانەوە بۆ هەندێ شوێن کە لەوانەیە لێی ژیابێ، وردە وردە پارچە پەرتەوازەکانی ژیانی پێشووی لە دەمی خەڵکانێک کە هێشتا لە ژیاندا ماون کۆدەکاتەوە، تاکو بەشێکی تەواویی ژیانی پێ بدۆزێتەوە کە نازانێ چۆن لێی دابڕاوە یاخود بە تەواویی لێی وونبووە.

ئەم گەڕانە کتوپڕە لە ساڵی شەستەکان دەستی پێ دەکات. پاش خانەنیشینی سەرۆکی ئەو نووسینگەییەی تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە کەسانی بێ سەروشوێن و سەرنووگم بوو، کە ئەو ئیشی لەلا دەکرد. کەسایەتیەکە گی ڕۆلان کەوتۆتە تەمەنەوە. دەگەڕێ بە دوای ناسنامەی خۆی، پاش ڕووداوێکی پەنهان کە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی جەنگی جیهانی دووهەم، تووشی لەبیرچوونەوەی کردووە. سەردەمی داگیرکردنی پاریسە لەلایەن ئەڵمانەکان، کە ڕاوی هاوڵاتیانی فەرەنسی و ئینگلیزی و بە تایبەتی جوولەکەکانیان دەنا. گی ڕۆلان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگەڕێ، لە نامەکاندا، لە چەند وێنەیەکی کۆنی ناڕوون، لە شەقامەوە بۆ شەقام، لە جادە و کۆڵانەوە تا شارەکان و وڵاتانی دوورگە دوورەکان، بەدوای شوێنەوارێک کە ڕاستی خۆی پێ دروست بکاتەوە. دوای گەڕانی زۆر، هەموو جارێک کە وا دەزانێ پەتەکان بە یەکەوە گرێ دەداتەوە، دیسان لێ دەپچڕێ. دوا سەری پەتێک کە لە کۆتاییدا بۆی بمێنی، ناونیشانێکە لە ڕۆما، لە ئیتاڵێا، کە کاتی خۆی لەوێ نیشتەجێ بووە، بەناوی شەقامی دوکانە تاریکەکان.

24 views0 comments

Recent Posts

See All
bottom of page