top of page

لە بەرزایی شوراکانەوە.

  • Bayan Salman
  • Feb 29, 2016
  • 2 min read

Updated: May 12


لە بەرزایی شوراکانەوە. ڕۆمان بە زمانی کوردی،‌‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رێتیی‌ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ سلێمانییه‌وه‌ چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. ساڵی‌ 2013. لە ساڵی ٢٠٢٣ چاپی دووهەم لەلایەن دەزگای چاپی رەهەندەوە.

(سه‌رجه‌می ڕۆمانه‌که‌‌ له‌سه‌ر هاودژی ئه‌قڵ و شێتی بونیادنراوه‌، کێ زه‌کییه‌ ''شێتی" کوشت؟ کێن ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام ده‌ستدرێژییان به‌سه‌ریدا ده‌کرد؟ کێ تاوانباری راستەقینەیه‌؟ کۆمه‌ڵ؟ یان شێتی؟ یاخود ئه‌قڵ؟ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت له‌و جیهانه‌ تێبگات ناچاره‌‌ بچێته‌وه‌ ئه‌ودیو شووراکان و له نزیکه‌وه‌ بۆ وڵام بگه‌ڕێت. وڵامێک کە مەترسی ئەوەی هەیە خودی خوێنەر بەرپرسیار بکات بەرامبەر بە بێدەنگیی خۆی لە ئاست کوشتنی مرۆڤێک تەنها لەبەر ئەوەی شێتە، واتە جیاوازە، کەمینەیە. شێت لە هەموو جیهاندا بەخراپیی مامەڵە دەکرێت، دەست درێژیی بەسەردا دەکرێت، چونکە بێ دەسەڵاتە و کەس لەسەری نایەتە جواب. کاتێکیش شێتەکە ژنێکە، کێشەکە گەورەترە، لەبەرئەوەی سکپڕبوونی لەدوایە. ئەوەش دۆخی زەکیەییە.)

 

کێ زەکیەی کوشت؟ کێ لە نێوەندی کلاوەیەک لاشەکەی فرێی دا؟ زەکیە لە منداڵیەوە حوکمی کچێکی شێتی بەسەردا بڕاوەتەوە، فڕێدراوەتە بەر دەرگای ماڵی میم خونچەی مامان. ئەم دەیگرێتە خۆی و وەک کچی خۆی پەروەردەی دەکات تا دەگاتە تەمەنی سیانزە ساڵ. بە بالغبوونی ژمارەیەک پیاوی ناو قەڵا پێی فێر دەبن و بەردەوام دەست درێژیی لێ دەکەن. وایلێدێت هەموو ساڵێک منداڵی دەبێت و کەس نازانێت کێ ئەوەی کردوە. میم خونچە بە پەیمانێکی نهێنی لەگەڵ مامۆستا وەردی دەبەستێت. مامۆستای ماتماتیکە، ئەمیش هەتا ماوەیەک دەتوانێت زەکیەی بۆ بپارێزێت. بەڵام، ڕۆژێکیان زەکیە بە کوژراویی دەدۆزنەوە. لەوێوە سەرجەمی ڕۆمانەکە یاریی لە نێوان ڕەوشت و کۆمەڵ و ئەقڵ و شێتی دەکات. مامۆستا وەردی لە خەفەت و بێ دەسەڵاتیدا شێت دەبێت و بۆ تۆڵەسەندەنەوەی زەکیە خۆڵی شێتیی بە خەڵک دەفڕۆشێت تا هەموویان تامیی هەمان ئەو ساتانە بکەن کە زەکیە هیچ بەهایەکی مرۆیی لەلایان نەبوو. لە ڕوانگەی گێڕەرەوە، هەروەها ڕوانگەی مامۆستا وەردی و میم خونچەش، هەر یەکە لە کەسایەتیەکانی ناو ئەم ڕۆمانە، لە دوکاندارەکان  و کاسبکارەکان  دەکەونە گێڕانەوە. بەڵام ئایا ئەوە خەیاڵی مامۆستا وەردییە؟ یان بەڕاستیی ئەوانیش شێت بوون، یاخود گێڕەرەوە خۆی شێتە راستیەکەیە؟ 

 

تێبینی: ئەم ڕۆمانەم وەرگێڕاوە بۆ فەرەنسی لەللایەن فیلیپ دولارب و بەیان سەلمان.



 
 
 

Comments


bottom of page