Emma Daklan
Mar 3, 20191 min
''ئەڤین و جەنگ'' نوێترین دیوانی شیعری خاتوو بەیان سەلمانە. لەم دیوانەدا سەرجەمی هەڵبەستەکانی شاعیر کۆکراونەتەوە و لە تای دوو بەشی ناوەکی دیوانەکە ڕێکخراون. بەشێکیان لە ژێر ناونیشانی "ئەڤین'' و ئەویتریان لە ژێر ناونیشانی ''جەنگ''. ئەم دیوانە، وەرگێڕدراوە بۆ زمانی فەرەنسی. بەیان سەلمان خۆی لەگەڵ شاعیری فەرەنسی فیلیپ دولارب، وەریانگێڕاوە و بۆ چاپە فەرەنسییەکە ئامادەیان کردووە. لە داهاتوویەکی نزیکدا بە چاپ دەگات.
..............................
له ماڵی شیعر
ئێستا میوانی هه‌ڵبه‌ست زۆرن
ئه‌وسا، که هاتمه ماڵی شیعرێک
که‌س ڕه‌نگی ده‌رگای پێ نه‌ده‌زانی
ده‌متوانی له موورووی وشه‌کانی
ژیان دابهێنمهوه، مردنیش به‌ڕێکه‌م
به‌ڕێکه‌وت چوومه سه‌ر نامه‌یه‌کی
باسی نامۆی سه‌ر و هه‌ره‌سی دیمه‌نه‌کان
و ئه‌ڤین و جه‌نگی ده‌کرد
.................................
ئه نفال
من خوشکێکم هەر هەبوو بە ناوی گوڵ
یەکێکی تریان بە ناوی کل
ئەوی تریشیان بە ناوی خەنە
ئامۆزایەکیشم بەناوی یادگار و
خالۆزایەکیشم بە ناوی ڕۆژگار
کە بر‌دیانن هێشتا لەدایک نەببووم
کە هاتیشمە دونیا، بە سەبەتە
میوەی یادگاریی ئەوانم دەخوارد
لە ڕەنگی هەر میوەیەک دەگەڕام بۆ گوڵ
لە دەنکەکانیان وێڵبووم بە شوێن کل
لە بۆنیان شاروشارم دەکرد بەدوای خەنە
لە تامی هەر یەکەیان یادگارێک
لە جوانیشیان ڕۆژگارێک
کە تازە لەدایک ببووم
وەک ئەو کەسانەی ئازاریان زۆرە
پێدەکەنیم
وەک ئەوانەی هیچیان نەماوە
هەڵدەپەڕیم
وەک ئەوانەی ژمارەیەک لە سەر قۆڵیان کوتراوە
منیش ناوی ئەوانم لەسەر زمانم هەڵکۆڵی و
پڕ بەدەمم هاوارم کرد و بە پشتا کەوتم
ڤیل داڤرێ، پاریس ٢٠١٤